ده‌قی په‌یامی ئه‌مینداری گشتیی جه‌ماعه‌ت به‌م چه‌شنه‌یه‌:

بسم الله الرحمن الرحیم 

وێڕای تەسلیم‌ و ڕازیبوون بە ویست و خوازی خوای گەورە، هەواڵی کۆچی دوایی خێرخوازی بەناوبانگی ناوچەی موکریان، خوالێخۆشبوو حاج حەسەن کەریمی واحدیمان پێ گەیشت و بوو بەهۆی خەم و پەژارەمان.

إن لله ما أعطی وله ما أخذ وکل شیئ عنده بمقدار

ئامادەبوونی گەرموگۆڕ، بیرمەندانە و دڵاواییانەی خوالێخۆشبوو لە بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی و خێرخوازی ویردی سەر زمانانە.

هەناسە ماندووەکانی که لە کیمیابارانی سەردەشت تا کۆتا هەناسەی تەمەنی بە یادگاری هەڵیگرتبوو، هیچ کات لە هەوڵ و چالاکی لە بوارەکانی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریدا نەبوو بە بەربەستی و شۆڕشگێڕانە و خاکەڕایانە تێدەکۆشا. بە بەشداریی کاریگەر لە ڕەوتی نۆژەنکردنەوەی شار و کارامەکردنی شارۆمەندانی شەڕلێکەوتووی، بەشداریی لە دامەزراندن و گەشەی ناوەندەکانی فێرکاریی باڵا و هاوکاریی لەگەڵ پڕۆسەکانی تری خێرخوازی، سوکنابەخشی دەرد و ئازارەکانی خەڵکەکەی بوو.

ئەندامەتی کاریگەر لە ڕێکخراوەکانی خێرخوازیی مەهاباد و سەردەشت و دەورووبەر و بگرە شارەکانی دوورتری جیا لە شارە کوردەکانیش، بەشداریی چالاکوانانە لە دروستکردنی قوتابخانە، ئامادەکردنی کەرەستەی پێویست بۆ ناوەندەکانی تەندروستی و یارمەتی خاوەن پێداویستییان، خزمەت بە مزگەوت و حوجرەکان، بەهانا هاتنی خەڵکی لێقەوماو لە کاتی قەیران و کارەساتەکانی وەک سێڵاو و بوومەلەرزەدا بە ئیزنی خوای گەورە لە توێشووەکانی تری سەفەری دواڕۆژ و ئاوەڵاکەری دەرگاکانی فیردەوسی بەرین بێ بەڕوویدا.

اللهم لا تحرمنا أجره ولاتفتنا بعده واغفرلنا وله برحمتك یا أرحم الراحمین.

إنّا لله وإنّا إلیه راجعون

عەبدوڕڕەحمان پیرانی

ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلام

١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی